2025-07-24
7820 جار خوێنراوەتەوە
عێراق لەوڵاتە دەوڵەمەندەكانى عەرەبەو خەڵكەكەشى برسییە
پوختە
سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا عێراق لە ڕیزبەندی دەوڵەمەندترین وڵاتانی عەرەبی لە ڕوی سەرچاوە و داهاتەوە ناوى هات، بەڵام ئابوری وڵاتەكە لە نێوان دوانەی "سامان" و "خراپ بەڕێوەبردن"دا گیری خواردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆشاییەکی بەرفراوان لە نێوان ئامارەکانی بەرهەمی ناوخۆیی و واقیعی ژیانى هاوڵاتییاندا بەدیدەكرێت، کە لە ژێر بارگرانی و لەرزۆکی خزمەتگوزارییەکان و دابەشکردنی نایەکسانی سەروەت و ساماندا دەژین.
ئایا دەوڵەمەندیى عێراق لەسەر ژیانى تاك رەنگیداوەتەوە؟
لەمبارەیەوە ڕەشید ئەلسەعدی شارەزای بواری ئابوری لەلێدوانێكى دا بۆ میدیا فەرمییەكانى عێراق، ئەوەى دوپاتکردەوە کە ناوهێنانى عێراق لە نێو ریزبەندى دەوڵەمەندترین گەلانی عەرەبیدا نیشاندەری پێشکەوتنە لە هەندێک لە پێوەرە گشتییە ئابورییەکان، بەڵام مەرج نییە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێت لەسەر ژیانی هاوڵاتییان یان ئاستی خۆشگوزەرانییان.
ئەلسەعدی ئەوەشى خستەڕو، ناوهێنانى عێراق لە ڕیزبەندی دەوڵەمەندترین وڵاتانی عەرەبی ئاماژەیە بۆ باشتربونی ئەو پێوەرە ئابورییە گشتییانەی کە بە شێوەیەکی باو بۆ پێوانەکردنی سامانی وڵاتان یان گەلان بەکاردەهێنرێن، وەکو بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری، کە پێوەرێکە بۆ پێوانەکردنی تێکڕای داهات بەکاردێت، هەروەها عێراق خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین یەدەگی نەوت لە جیهاندا، ئەمەش توانای ئابورییەکەی بەرز دەکاتەوە.
ئەلسەعدی وتیشى: دەیان ساڵە عێراق لەڕوی سامانی سروشتی و یەدەگى نەوتەوە لە ڕیزبەندی بەتواناترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدایە، بەڵام ئەم ڕیزبەندییە زۆرجار لەگەڵ واقیعەکانی گەندەڵی ئیداری و دارایی و هەمەچەشنەكردنی ئابوری لاوازدا بەریەک دەکەوێت، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی كە هێشتا ئەم سەرچاوانە نەیانتوانیوە وەربگێڕدرێن بۆ ئاستێکی ژیانی هاوتا لەگەڵ تواناکانی وڵات.
بۆچى سەرچاوەى داهاتى عێراق لە ژیانى خەڵكدا رەنگدانەوەى نییە؟
ئەلسەعدی ئاماژەی بەوەشدا، ریزبەندی عێراق لە نێو دەوڵەمەندترین گەلانى عەرەبدا مەرج نییە بەو مانایە بێت کە هەمو هاوڵاتییان لە كەشخەیى دا بژین، بەڵکو بەو مانایە دێت كە وڵات خاوەنی سەرچاوە و توانای بەرچاوە کە وایلێدەکات گەشەیەکی بەرچاوی ئابوری بەدەستبهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەرچاوانە هەرگیز ڕاستەوخۆ لە ژیانی خەڵکدا ڕەنگدانەوەیان نییە، مەگەر چاکسازیی ڕاستەقینە بكرێت کە شەفافیەت و یەكهەڵوێستى لە بەڕێوەبردنی سامانە گشتییەکاندا مسۆگەر بکرێت و گەندەڵكاران ڕوبەڕوی لێپێچینەوەى کارگێڕی و یاسایى بكرێنەوەو گەندەڵی، کە یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدان، لە رەگوڕیشەوە بنەبڕ بكرێت، كە ئەوەش مەحاڵە.
ئایا ریزبەندییەكە هیچ نیشانەیەكى ئەرێنى لەخۆدەگرێت؟
ئەو شارەزایەی بواری ئابوری پێیوایە، هاتنى ناوى عێراق لە ڕیزبەندی دەوڵەمەندترین گەلان دەرفەتێکە و نیشانەیەکی ئەرێنییە بۆ داهاتوی ئابوریی نیشتمانی، بەڵام بە تەنها بەس نییە، چونكە تەحەددای ڕاستەقینە لە وەرگێڕانی ئەم ناوهێنانەى عێراق بۆ واقیعێکی بەرجەستە لەوەدایە كە دەبێت ڕەنگدانەوەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتییانى لێبكەوێتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی حوکمڕانییەکی دروست و پلانی گەشەپێدانی ڕون و دیدێکی ستراتیژی درێژخایەنەوە دەكرێت کە سەقامگیریی و گەشەسەندنی بەردەوام بەدەستبهێنێت.
لەلایەكى ترەوە، دیدگا ئابورییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە مەرج نییە ڕیزبەندی نێودەوڵەتی ڕەنگدانەوەی خۆشگوزەرانی خەڵک بێت، بەڵکو هەندێکجار پەیوەست دەکرێن بە ژمارە خامەکانەوە، وەک بەرهەمی گشتی ناوخۆیی و یەدەگی وزە، بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن ئەم سەرچاوانە بەڕێوەدەبرێن و کاریگەرییە ڕاستەقینەکانیان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان چى دەبێت.
-
جەنگی ئێران و زیانی بۆ ئابوری كەنداو؛ قەتەر و عێراق زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە
|
-
ئیسپانیا: گەمارۆدانی گەروی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە شتێکی بێ مانایە
|
-
ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق چەند دەخایەنێت؟
|
-
ئەمریكا هۆشداری دەداتە ئێران؛ چیتر تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا بە خۆڕایی نییە
|
-
بۆچی دوێنێ مووچە بۆ هەرێم نەنێردرا؟
|
-
جەنگ نرخی زێڕی بەرزكردەوە و نەوتی دابەزاند
|
-
چارەنووسی مووچەی هەرێم لەنێو ناڕوونی مووچەی بەغداد دا؟
|
-
هەڕەشەی ترەمپ لە دوورگەی خارگ؛ نرخی نەوت دەگەیەنێتە 200 دۆلار؟
|
-
لیستی مووچەی مانگی سێ تا سێشەممە دەنێردرێت بۆ بەغداد
|
|
|
|