2025-07-24
5584 جار خوێنراوەتەوە
توندكردنەوەى رێوشوێنەكانى حكومەت نرخى دۆلار دادەبەزێنێت
پوختە
دوای ئەوەی پێشتر بەربەستی 150 هەزار دیناری تێپەڕاندبو، ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی وردە وردە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتۆتە 139 هەزار و 500 دینار. ئابوریناسان ئەمە لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەبینن، لەوانە؛ دیارترینیان توندکردنەوەی کۆنترۆڵە داراییەکان و دابەزینی خواستی هاوتەریبى تایبەت بە كۆمپانیا بچوك و ماناوەندەكانە، ئەمە جگە لە توانەوەی ناوچەیی لە مەلەفی ئێران و زیادبونی یەدەگی دراوی بیانی عێراق.
ئایا دابەزینی دۆلار پەیوەستە بە هۆکاری نەوت و ڕێکخستنی دراوییەوە؟
ئەحمەد ئەلتەمیمی پسپۆڕی کاروباری ئابوری لە لێدوانێكى دا بۆ ماڵپەڕى "بەغداد ئەلیەوم" رایگەیاند، لەم دواییانەدا نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر دیناری عێراقی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ئابوری و گرتنەبەرى ڕێکارەکان، دیارترینیان توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی حکومەت و چاودێری داراییە. هاوكات، حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیش ڕێوشوێنی توندتری چاودێرییان لەسەر گواستنەوەی پارەی دەرەکی جێبەجێکردوە، كە ئەوەش بەشداریکردوە لە کەمکردنەوەی خواستی نایاسایی بۆ دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا، كە زاراوەى بازاڕى هاوتەریب زاراوەیەكى ئابورییەو تایبەتە بە كۆمپانیا بچوك و مامناوەندەكان.
ئەلتەمیمی زیاتر سەبارەت بە هۆكارەكان دوا و ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو هۆکارانەدا كە نرخى ئەو دراوە دابەزیوە، زیادبونی دابینکردنی دۆلارە لە بازاڕی فەرمیدا، چونكە بانکی ناوەندی عێراق خستنە بازاڕى ڕۆژانەی دۆلاری زیادکردوە، ئەمەش بەشداربوە لە بەرزكردنەوەى دراوی عێراقى و دابینکردنی خواستی ڕەوای هاوردەکاران و بازرگانان، جگە لە باشتربونی دۆخى داهاتی نەوت، چونكە بەرزبونەوەی نرخی نەوتی جیهانی بۆتە هۆی بەرزبونەوەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق، لەبەرئەوە ڕێگەدان بە بانکی ناوەندی بۆ دەستوەردانی کاریگەرتر لە بازاڕی ئاڵوگۆڕکردن بۆ پشتگیریکردنی دینار چڕبۆتەوە.
هاریكاریى لەگەڵ گەنجینەى ئەمریكا چ كاریگەرییەكى هەبوە؟
ئەلتەمیمی ڕونیشی کردەوە، هاوئاهەنگی هەوڵەکان لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش هاریكاریى لەگەڵ گەنجینەی ئەمەریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، هاوکار بوە بۆ سنوردارکردنی دەستکاریکردن و گواستنەوەی نایاسایی و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر دۆلار لە ناوخۆی عێراقدا، كە ئەمەش بۆتە هۆی کەمبونەوەی رێژەى خواست لەسەر دۆلار لە ماوەی دیاریکراودا، هاوكات دواى وەرزی حەج یان لەكاتى دابەزینی هاوردە، خواستی تەقلیدی لەسەر دۆلار کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربونی رێژەى ئاڵوگۆڕی دینار.
ئەلتەمیمی لە کۆتاییدا وتی: لەبەر ڕۆشنایی ئەو داتایانە، پێشبینی دەکرێت سەقامگیری ڕێژەیی لە بازاڕی دراوی بیانی لە ماوەیەکی نزیکدا بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەگەری باشتربونی زیاتر؛ ئەگەر هاتو سیاسەتەکانی چاکسازی بەردەوام بێت و متمانە بە کەرتی دارایی عێراق بەهێزتر بكرێت.
تا چەندە رێگریكردن لە بردنى دۆلار بە نایاسایى بۆ ئێران هاوكار بوە لەدابەزینى نرخەكەى؟
لای خۆیەوە مستەفا ئەکرەم حەنتوش شارەزای ئابوری جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامی دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، بە بەراورد بە ماوەی پێشو، پێشکەوتنێکی ئەرێنییە بۆ ئابوری عێراق و پەیوەستە بە هۆکارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە.
ناوبراو لە لێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا ئەوەى خستەڕو، كە یەكێك لە هۆکارە نێودەوڵەتییەکان رێگریكردنە لە بردنى دۆلار بەشێوەى نایاسایى بۆ ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا حەواڵە لە وڵاتانی کەنداو و شوێنەکانی دیکەوە هەیە، تەنانەت ئەو نەوتەی لە ئێرانەوە بە قاچاخ دەنێردرێت بۆ چین، ئەمریکا ڕایگەیاندوە کە هیچ کێشەیەکى لەگەڵدا نییە، كە ئەوەش خاڵێكى ئەرێنییەو فشارەکانی لەسەر عێراق کەمکردۆتەوە.
حەنتوش لە درێژەی قسەکانیدا، وتى: بە پشتبەستن بەو رێككارانە، بانکی ناوەندی عێراق سەقفى پڕكردنەوەى بە دۆلار بەرزكردۆتەوە، بۆ نمونە کارتی ئاسایی ئێستا 5 هەزار دۆلارە، کارتی خانەنشینیش 10 هەزار دۆلارە، " ئیرادە زانیویەتى ئەم كارتى بارگاویكردنانە حاڵەتێكى تایبەت بە عێراق و لە هەرێم نیییە"، واتە دەتوانرێت بارگاویکردنەوە لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجام بدرێت. هاوکات کارتی بارگاویکردنەوە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی گەشتیارییەوە 20 هەزار دۆلارە، و ئەوانەی لە ڕێگەی کۆمپانیا پزیشکییەکانەوە ئەنجامدەدرێن 50 هەزار دۆلارە. ئەم رێككارانە هێشتا لە شوێنی خۆیانن و دەبنە هۆی ڕۆیشتنی دراو، بەتایبەتی بۆ بازرگانانی بچوک.
حەنتوش ڕونیشی کردەوە، هیوادارین نرخی دۆلار زیاتر دابەزێت، و رێككارى تایبەت بە چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی ئێران و کێشەی بازرگانانی بچوک، و بازاڕی هاوتەریب لە ڕێگەی کوردستان و کۆنترۆڵە فەرمییەکان بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی بگیرێتەبەر، ئەمەش دەتوانێت نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ 135 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
ئایا سەقامگیریی نرخى دۆلار بەرگەی فشارە سیاسییەكان دەگرێت؟
سەرەڕای ئەوەى تاكى عێراقى دەبێت بە هۆشیارییەوە سەبارەت بەم پرسە ئابورییە گەشبین بێت، بەڵام شارەزایانی دارایی هۆشداری دەدەن لەوەی سەقامگیریی ئێستای بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بە ناسکی ماوەتەوەو هەر شۆکێک لە خواستی دەرەکی یان گەڕانەوە بۆ چالاکییە هاوتەریبەکانی بازاڕ لە ڕێگەی فرۆشگا نافەرمییەکانەوە، دەتوانێت دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێڕەوی بەرزبونەوەی پێشوترى خۆى.
هاوكات، ڕەوتی گشتی ئاماژە بەوە دەکات کە دابەزینی ئەم دواییەی دۆلار بەرامبەر بە دینار تەنها لە ئەنجامی هۆکاری هەلومەرجەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سەریەککەوتنی ڕێکخراوەیی و هەوڵى سیاسی و ئابورییەوەیە کە سەرکەوتو بوە لە کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان بازاڕی فەرمی و بازاڕى كۆمپانیا بچوكەكان، بەڵام بەردەوامیی ئەم ڕەوتە پەیوەستە بە توانای حکومەت و بانکی ناوەندی بۆ پاراستنی رێككارەكانى چاکسازی و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو فشارانەی کە ڕەنگە لەكاتى ئاستەنگی سیاسی یان دارایی نزیک ببنەوە لە دوبارە دەركەوتن.
-
کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ بانکە حکومییەكان؛ نیگەرانی لێدەكەوێتەوە
|
-
ئەنقەرە بۆ هەرێم و بەغدا.. ملیۆنێك بەرمیل هەناردە بكەن
|
-
قەیرانى نەختینەو كورتهێنان سیستمى دارایى عێراق دەخنكێنێت
|
-
ئیرادە زانیارى نوێ لەسەر تەوتین و موچەى مانگى 6 ئاشكرادەكات
|
-
تواناى شتومەك كڕین لە بازاڕەكانى هەرێم بە تەواوى داڕما
|
-
ژینگەی وەبەرهێنانی عێراق لە لێوارى كەوتنێكى حەتمى دایە
|
-
توندكردنەوەى رێوشوێنەكانى حكومەت نرخى دۆلار دادەبەزێنێت
|
-
عێراق لەوڵاتە دەوڵەمەندەكانى عەرەبەو خەڵكەكەشى برسییە
|
-
هێڵی کەرکوك- جەیهان دەچێتە ناو تونێلێکی تاریکەوە
|
|
|