2025-07-30
6484 جار خوێنراوەتەوە
قەیرانى نەختینەو كورتهێنان سیستمى دارایى عێراق دەخنكێنێت
پوختە
لەكاتێك دا وڵات دەچێتە چارەکی کۆتایی ساڵی 2025، هێشتا خشتەی بودجەی ئەمساڵ ئامادە نییە، ئەمەش پێشینەیەکە گوزارشت لە ڕادەی ئەو سەرلێشێواوییە داراییە دەکات، کە ڕوبەڕوی حکومەتى عێراق بۆتەوە.
تا چەندە نەبونى نەختینە وابەستەیە بە خشتەى بودجەوە؟
ئەحمەد ئەلتەمیمی، شارەزای کاروباری ئابوری و دارایین لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیى دا رایگەیاند، عێراق بەهۆی کەمیی توندی نەختینەیی لە دارایی دەوڵەت، لە تێپەڕاندنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025دا ڕوبەڕوی سەختیی ڕاستەقینە دەبێتەوە، هاوكات ئەوەشى خستەڕو كە ئەم كورتهێنانە لە ئەنجامی کەمبونەوەی داهاتی غەیرە نەوتى و دواکەوتنی جێبەجێکردنی هەندێک چاکسازی دارایی و ئیداری هاتۆتە ئاراوە.
لێدوانەکانی ئەلتەمیمی، دەرگای بەرەو خراپتربونی قەیرانێک دەکاتەوە کە ڕوبەڕوی وەزارەتی دارایی دەبێتەوە. کێشەکەش تەنها لە دابەزینی کاتیی سەرچاوە داراییەکاندا سنوردار نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کورتهێنانی بنەڕەتییەوە هەیە لە پێکهاتەی دارایی دەوڵەتدا.
حكومەت و وەزارەتى دارایى روبەڕوى چ تەحەددایەك دەبنەوە؟
بە وتەی ئەلتەمیمی، حکومەت و وەزارەتى دارایى؛ ڕوبەڕوی تەحەددایىكی ڕاستەقینە دەبنەوە لە داپۆشینی خەرجییە سەرەتاییەکانی کارکردن. ناوبراو هەر لەو لێدوانەى دا وتیشى: باسی پابەندبونەکانی وەبەرهێنان ناکەم، بەڵام ئەم دۆخە وایکردوە ئامادەکردنی بودجەیەکی ورد و گشتگیر لە ئێستادا کارێکی نزیک لە مەحاڵ بێت.
واقیعەكە چ پرسیارێكى هەستیار دەوروژێنێت؟
ئەم واقیعە پرسیاری هەستیار سەبارەت بە توانای دەوڵەت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان؛ دەوروژێنێت، بێگومان ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئابورییەك کە لە ڕادەبەدەر پشت بە نەوت دەبەستێت و بەدەست نەبونی سیستمێکی کاریگەرانەی کۆکردنەوەی باجەوە دەناڵێنێت، هەروەها دابەزینی بەرچاوی چالاکیی پیشەسازی و کشتوکاڵی، یەكێكى ترن لە هۆكارەكان.
ئەلتەمیمی، جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستییەكى هەنوكەیى هەیە بە خێراکردنی ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و چالاککردنی سیستەمی باج و کۆکردنەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و عەقڵانیکردنی خەرجییە گشتییەکان، ئەو پێیوایە؛ ئەمانە ڕاسپاردەی تەقلیدین کە ساڵانێکە بەبێ جێبەجێکردنی ڕاستەقینە لەسەر ئەرزى واقیع پێشنیارکراون، ئەمەش بەهۆی هۆکارگەلێكى وەك؛ پەیوەستبون بە پێکهاتەی سیاسی و فشارە پۆپۆلیستیەکان و گەندەڵییە بەربڵاوەکان، فەرامۆشكراوە.
حكومەت چۆن دەتوانێت شەقام رازى بكات؟
بە وتەی چاودێران، ئێستا کاتەکە هەستیارترە، چونکە عێراق خۆی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی تشرینی دوەمى داهاتو ئامادە دەکات و حکومەتیش ئەو توانایەى ڕێوشوێنی خۆپارێزیی یان کەمکردنەوەی خەرجییەکانی نییە، كە ئەمەش هاوکێشەیەکی مەحاڵ دەخاتەڕو پاشان پرسیارى ئەوەش دەوروژێنێت؛ كە حكومەت چۆن دەتوانێت شەقام رازى بکات و بەردەوامى بە دابەشكردنى موچە بدات و ئابورییەكەى بە چەشنێك بێت قەیرانى نەختینەیی دابمركێنێتەوە؟.
ئەلتەمیمی، لە کۆتایی قسەکانیدا بە هۆشدارییەکی ڕونەوە دەڵێت: بەردەوامی کورتهێنانی نەختینەیی دارایی دەتوانێت هەڕەشە لە توانای حکومەت بکات بۆ ئامادەکردن و پێشکەشکردنی بودجەی ساڵی 2025 لە کاتی خۆیدا، ئەمەش ئەگەری ئەوەى هەیە وڵاتەکە بەرەو ڕوی مەترسیی ئابورییەكى ترسناك بێتەوە كە پلاندانانی دارایی بۆ ساڵی داهاتو تێکبدات.
ئەم هۆشدارییە لەناو بازنەکانی ئابوریى دا بەجۆرێك دەنگیدایەوە كە پەرلەمانتارانى بەغدا دواخستنی پێشکەشکردنی بودجەیان بە واتای ئیفلیجی تەواو یان نزیک لە تەواوەتی دامەزراوەکان وەسفكرد، ئەوەش بەو مانایەى هۆشدارییەكان کاریگەریی لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەبێت و نادڵنیایی لەنێو کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران دروستدەکات و هاوكات گومانە دەرەکییەکان لەسەر سەقامگیریی دارایی عێراق قوڵتر دەکاتەوە.
-
ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە نرخی نەوت چی بەسەردێت؟
|
-
وەزارەتی دارایی: پێدانی موچە بە نەختینە (کاش) لە 20ی ئەم مانگەوە کۆتایی دێت
|
-
دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی پێناسی گومرگییەوە رەتکردەوە
|
-
تەیف سامی: داوای ناردنی لیستی مووچەی هەرێم دەکات
|
-
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی یەک ڕەوانەی بەغدا دەکات
|
-
ترامپ گومرگی 25%ی بەسەر وڵاتانی بازرگانیکەر لەگەڵ ئێراندا سەپاند
|
-
سۆمۆ: لە مانگی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە 193.5 هەزار بەرمیل بووە
|
-
راوێژکاری دارایی سودانی: گرژییەکانی ڤەنزوێلا نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
|
-
نرخی زێڕ دابەزینی تۆمارکرد
|
|
|
|